بە بەشداری کۆلیژی هونەرە جوانەکان یادی ئەنفال (جینۆساید)ی بارزانییەکان کرایەوە


هەولێر
بە ئامادەبوونی ڕێزدار جەنابی (مەلا مستەفا بارزانی) و بەڕێزان سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و کەسایەتییە سیاسییەکان و بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و ڕاگری کۆلیژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە بەرزڕاگرتنی یادی ئەنفالی بارزانییەکان بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە هەماهەنگی زانکۆی سەلاحەدین و لیژنه‌ی ناوچه‌ی زانكۆ و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی 31ی تەمموزی 2025 لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری و ئەکادیمی زانکۆی سەلاحەدین سازکرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا هەریەک لە بەڕێزان د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. زانا مەلا خالید، بەپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی شازدەی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. چنار سەعد عەبدوڵڵا و چیا هەرکی، یاریدەدەرانی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، د. ئەمیر چاڵی، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆکان و بەڕێوەبەرانی گشتی و ڕاگری کۆلیژی هونەرە جوانەکان، بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستا و قوتابیانی زانکۆکانی هەولێر، 42ـیەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان لەژێر ناونیشانی “ئەنفالی بارزانییەکان، نێژرانیان پێش مردنیان”، بەرزڕاگیرا.
لە مەڕاسیمەکەدا وتاری بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز (د. ئامانج برادۆستی)، بەرپرسی ناوچەی زانکۆ پێشکەشکرا، دواتر وتاری زانکۆی سەلاحەدین لەلایەن بەڕێز (پ.د کامەران یونس محەمەد ئەمین)، سەرۆکی زانکۆ پێشکەشکرا.
هەر لە مەڕاسیمەکەدا ، شانۆگەری “چراکانی خەبات ناکوژێنەوە” نمایش کرا، کە لە نووسین و دەرهێنانی مامۆستا یوسف یوسفی بوو ، کە یەکێکە لە مامۆستایانی کۆلیژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین و تێیدا 45 هونەرمەند بەشدار بوون.
ئەم شانۆگەریە باسی لە ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەکان دەکرد، بەشێک لە ڕووداوەکانی شانۆگەرییەکە لەڕووداوی ڕاستەقینە وەرگیرابوون.